ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ئاشلی دۆریک، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی نوێنەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نورشان حسێن، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتییەکە و شاندێکی نوێنەرایەتیی خۆسەر، کۆبوەوە.
جەمیل ڕەحمانۆ، ئەندامی نوێنەرایەتیی خۆسەریی ڕۆژئاوا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆمان کرد لەبارەی داعشە دیلەکانی دەست ڕۆژئاوا و مەترسییەکانیان و چۆنییەتی ئیدارەدانیان لە زیندانەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر، داوای لە دیپلۆماتە کەنەدییەکە کردوە، کار بکرێت لەسەر کردنەوەی دادگایەکی نێودەوڵەتیی بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش، هاوکات هاوکاریی ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بکرێت لە ئیدارەدانی ئەو زیندانییانە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەش، باسکردن بوە لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تورکیا لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دۆخی سوریا و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە.